
مێدیانیوز - کەرۆڵ پرونهابێر، Carol Prunhuber نووسەر و رۆژنامەوانی کورددۆستی ڤێنزوئلایی کتێبی "خولیا و مەرگی رەحمانی کورد: خەونی کوردستان" لە سەر بەسەرهاتی ژیانی دکتور عەبدوڵرەحمان قاسمڵوو، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە سەرەتا بە زمانی ئیسپانیای نووسراو لەچاپدرابوو وەریگیڕاوەتەوە سەر زمانی ئینگلیزی.
نووسەری کتێبی "خولیا و مەرگی رەحمانی کورد: خەونی کوردستان" لە راگەیاندنی بڵاوبوونەوەی ئەم بەرهەمەدا دەلێ "لە دوایین رۆژەکانی تەمەنی خۆی دا، عەبدوڵرەحمان قاسملوو گەشاوە لە خەو رابوو. وەک هەمیشە لە کاتی تاشینی ریشیدا گۆی لە ردایو دەگرت. ئەو بەیانە وەک هەموو ئەوانی تر لە ژیانی ئەم رێبەرە کوردە دا بوو کە دواتر بە گوڵلەی زاڵم دەپێکدرێ و لە سەر میزی وتووێژ لە ڤییەنی ئوتریش لە ساڵی ١٩٨٩ دا گیانی لێدەستێندرێ ."
لە دریژەی راگەیاندراوەکە دا هاتووە "بەڵگە و نووسراوە بەپێزەکانی کەرۆل پرونهابێر لەم کتێبەدا باس لە دۆخە تاریک و گوماناوی تێرۆری ئەم رێبەرە لێهاتوویەی کورد دەکەن. خەزێنەیەکی قووڵە کە یارمەتی بە مرۆڤ دەدات لە درامای مرۆڤ و خەباتی بۆ خودموختاری و شوناس نەتەوەیی تێبگەین."
پرونهابێر لەم کتێبەدا باس لەوە دەکات کە ئەم دۆسیەیە لە بەر بەرژوەندی سیاسی و ئابووری دەوڵەتی ئوتریش هیچ کات نەکەوتە بەر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی دادگا. ئەم کتێبە وەک رۆمانێکە کە کەرۆڵ شوێنی جنایەتەکە دەکێشێتەوە و وردەکارییەکانی تێرۆری د. قاسمڵوو لە راپۆرتەکانی پولیس و لێکۆڵینەوە ژورنالیستیەکەی خۆی دا هەڵدێنجێ. لەم کتێبەدا چەندین وتووێژی د. قاسمڵووی تێدایە و هەروەها هەڤپەیڤینی چەندین کەسایەتی بەناوبانگی رۆژهەڵاتی ناوەراستی لەخۆگرتووە.
کەرۆل پرونهابێر، ژورناڵیست و نووسەری ڤێنزوئلایی لە کاراکاس و پاریس دەرسی خوێندووە و پاشان دکتورای ئەدەبیاتی وەرگرتووە. ژیان و گوزەرانی وەک ژورنالیستی ئازاد و پاشان وەک هەواڵنێری نێونەتەوەی لە مادرید دەستی بە ئیش و کار کردووە. لە ساڵی ١٩٨٤ لە گەڵ رێبەری کورد، دکتور عەبدوڵرەحمان قاسمڵوو ئاشنا بووە و ساڵێک دواتر بۆ تۆمارکردنی فیڵمێک لە سەر رووداوەکانی کوردستان سەردانی کوردستان دەکات. خەباتی پێشمەرگە لە چیا سەختەکانی کوردستاندا کەرۆڵ ئاوێتەی ئاوات و ئارەزووی گەلی کورد دەکات.
تا ئیستا ئەم کتێبە بە چوار زمانی ئیسپانیای، کوردی، تورکی و ئینگلیزی بڵاو بۆتەوە و نوسخەی ئینگلیزی ٣٨٨ لاپەڕەی لە خۆ گرتووە و لەم سێ شوێنە لە سەر ئینترنەت دەست دەکەوێت کە لە خوارەوە هاتوون:
ڕێژه ی دیتن : 2182